ڕاپۆتی کۆتایی فێستیڤاڵی یەکەمی کۆمەڵەی کوردانی ئەمریکا لە شاری دێنڤەر لە ولایەتی کۆڵۆڕادۆ لە ئەمریکا، لە ٩ و ١٠ و ١١ی ٨ی ٢٠٢٤

 

ئێمە وەکوو کۆمەڵەی کوردانی ئەمریکا و دەستەی بەڕێوەبەرانی ئامادەکردن و سازدانی فێستیڤاڵی یەکەمی کۆمەڵەی کوردانی ئەمریکا خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین بە ئەنجامدان و سازدان و سەرکەوتنی چالاکییەکە. چالاکییەکە لە شاری دێنڤەری ولایەتی کۆڵۆڕادۆ بەڕێوەچوو لە ڕۆژەکانی ٩-١١ی ٨ی ٢٠٢٤. تێیدا، لە هەرسێ ڕۆژەکە، ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردستانییانی دانیشتووی ئەمریکا لە هەرچار پارچەی کوردستان و تەنانەت هەندێك لە مێوانی ئەمریکیش بەشدارییان کرد. چالاکییەکان بەم شێوەیە بوون؛

ڕۆژی یەکەم: 

ڕۆژی یەکەمی فێستیڤاڵ لە کلێسای یونایتد مێسەدست بەڕێوەچوو کە ئەوان خۆبەخشانە هۆڵی بۆنەکە و تەواوی باڵەخانەکەیان بۆ کەیئەیگی ئامادە کردبوو. بەڕێز ئەسرین قادری قسەکەر و وتەبێژی چالاکییەکە بوو. ڕۆژی یەکەم تەرخان کرابوو بۆ پێشکێشکردنی چەند سیمینارێکی ئەکادیمیی پەیوەست بە پرسی کورد لە ئەمریکا و پرسی کورد بەشێوەیەکی گشتی لە کوردستان. لەو ڕۆژەدا شەش سیمینار پێشکێش کرا. سیمینارەکان لەلایەن هەریەکە لە بەڕێزان (شیرین موڕاد، مانێڵ مساڵمی، د. سەرهەد حەسەن، د. لانە کرمانج، لێن بڕاس، د. ئەماندا مێتکاڵف)ەوە پێشکێش کرا. دوای پێشکێشکردنی سیمینارەکان، ئامادەبووان بە پرسیار و سەرنجی خۆیان بابەتەکانیان دەوڵەمەندتر کرد. لەو ڕۆژەدا، خوانی بەیانی و نیوەڕۆ لەلایەن کۆمەڵەی کوردانی ئەمریکاوە ئامادە کرابوو.پێشکێشکەران و بابەتی پێشکێشکراو.

ڕۆژی دووەم:

ڕۆژی دووەمی فێستیڤاڵ لە هۆڵێکی بۆنەکانی شاری دێنڤەر بەڕێوەچوو کە ئەویش بەخۆبەخشانە دابین کرابوو بۆ چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە. ڕۆژی دووەم تەرخان کرابوو بۆ نیشاندانی دوو فیلمی کوردیی تایبەت بە کورد و کوردستان. پاشان چالاکیی نماییشی جلکوبەرگی جوانی کوردی لە لایەن بەشێك لە کچ و کوڕ و جەوانی کوردی هەرچوار پارچەی کوردستانەوە ئامادە کرابوو، بەڕێوەچوو. تێیدا، چەندان جلکوبەرگی جوانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان نماییش کرا. لەو ڕۆژەشدا ژمارەیەکی زۆری کوردستانییانی هەرچار پارچەی کوردستان و مێوانانی دیکە بەشدارییان کرد. بەشێکی دیکەی ئەو ڕۆژە نماییشی کاری هونەری و کەلوپەلی کەلتووریی و کەلەپووریی کوردەواری و کتێب بوو. لە کۆتایی چالاکییەکان، بەشداربووان بەدەم میوزیك و گۆرانیی کوردییەوە شایی و هەڵپەڕکێی کوردییان کرد. 

ڕۆژی سێیەم:

ڕۆژی سێیەمی فێستیڤاڵەکە لە پاڕکی واشنتنی شاری دێنڤەر بەڕێوەچوو. ئەو ڕۆژە تەرخان کرابوو لەبۆ سەیران و ئاهەنگی کوردەواری. لەو ڕۆژەدا ژمارەیەکی زۆر و بەرچاوی کوردستانییانی هەرچار پارچەی کوردستان و هەندێك مێوانی دیکە بەشدارییان کرد. وەك نەریتێکی جوانی کوردەواری، کوردستانییانی شاری دێنڤەر خواردن و خوانی کوردەوارییان گرتبووە ئەستۆی خۆیان. کە ئەوەیش جێگەی سپاس و شانازییە. دوای نانخواردن، ئامادەبووان بە دەم گۆرانیی و مۆسیقای کوردییەوە، شایی و هەڵپەڕکێ و ڕەشبەڵەکی کوردەوارییان ساز کرد. ئەوەی جێگەی دڵخۆشیی بەرچاو بوو ئەوە بوو کە زۆرینەی ئامادەبووان جلکوبەرگی جوان و ڕەسەنی کوردییان دەبەر کردبوو. لە کۆتایی ڕۆژەکەدا، ئەندامانی کەیئەیگی سەردانی گشت بەشداربووانیان کرد. سپاس و پێزان و دڵخۆشیی خۆیانیان پێ گەیاندن. پاشان ئامانجی چالاکییەکە بەتایبەتی و ئامانجەکانی کۆمەڵەی کوردانی ئەمریکایان بەشێوەیەکی گشتی بۆ گشت ئامادەبووان ڕۆن کردەوە و، هانیان دان تا لە ساڵانی داهاتووش بەشداری فێستیڤاڵەکانی کۆمەڵەی کوردانی ئەمریکا بکەن. 


کۆمەڵەی کوردانی ئەمریکا

١٥ی ٨ی ٢٠٢٤

« of 4 »